دوانیوه‌ڕۆی منداڵیه‌کانی من خه‌وتنی تیا نه‌بوو ، پێی ڕاهاتم،له که‌لاوه یان ماڵ،یا ده‌شته به‌رینه‌که‌ی باوه‌گۆره‌م یا کونجی ژوره فێنکه‌که‌مان دایک و باوکم سێبه‌ریان نه‌بوو،پێی ڕاهاتم و پێی ڕاهاتن.ماڵێک خوار تر و کۆڵانێک ئه‌ولا تر و شه‌قامێک دور تریش هه‌ر وابوو هه‌موو که‌س ڕاهاتبوو.
ئه‌و شه‌قامه ره‌شه درێژه‌ی که گه‌رماوگه‌رمی نیوه‌ڕۆ تاکه دۆستی ته‌مه‌نی بوو قه‌ت له بیر ناکه‌م،ته‌نیاییه جوانه‌که‌ی و دیمه‌نی ئه‌و مرۆڤانه‌ی که هه‌میشه به یه‌ک بێگانه بوون تابلۆی خه‌یاڵی من بوو.
دڵه‌ڕاوکێی به‌ربوونی ئاواتێکی په‌نگاو،به‌ر له ساڕ‌ێژ بوونی نه‌وای به ترس چنراوی سڵاوێک،هه‌مان دودڵی ده‌ستی ماندوێتیه بۆ گرتنی پێنوسی دوجار شکاو و هه‌ڵرژانه سه‌ر کاخه‌ز.هه‌ورێکی گه‌وره‌ی پر له باران،هه‌وره‌گرمه‌یه‌کی لاڵی سامناک به‌ر ده‌رکه‌ی هه‌ناسه‌ی پڕ له تاسه‌ی کزه بای یه‌که‌مین پاییزی داگرتوه،نه‌ک به باوه‌ش،به وه‌هم و هێمایه‌کی پڕ ڕه‌مزی نائاشنا. له شوێنێک ئه‌و نه‌وا ساڕ‌ێژ ئه‌بێت ، دێته شنه ، یان به ڕه‌شه‌با سوچاوسوچی پرێسکه‌ی بیره‌وه‌ریه دیل کراوه‌کانت له‌گه‌ڵ خۆێ دێنێته سه‌ما ، هه‌زاران گه‌ڵای پیر و تۆزاوی له‌سه‌ر تاکه‌داری بێ‌ده‌نگی ده‌وه‌رێنێت و گه‌رووی ته‌ریک و وشکی ته‌نیایی به په‌ڵه بارانی هه‌ورێکی خه‌مگرتو ، تنوک تنوک ئه‌خاته‌وه سه‌ر رێگه‌ی به نمه دوان و سریله‌ی پچه‌پچی دنکه به‌فره‌کان.
جێ پێی هه‌ر هه‌نگاوێک به‌ره‌و داهاتوی لێڵی ناڕاهاتو،وێنه‌یه‌ک له‌سه‌ر ده‌فته‌ری نه‌قاشی منداڵی ده‌کێشێت،هێنده قورس و شه‌که‌ت ئه‌بێت ئه‌و ده‌فته‌ره،چی‌تر ئه‌و داره سه‌وزه‌ی که دو ئه‌نگوست ئه‌و لای چۆمی ئاوایی کێشراوه له به‌ژن و باڵا نایێ ، ئێستا له سێ دڵۆپ ئه‌ولاتره‌وه،له به‌ر ده‌رکه‌ی روخاوی خه‌یاڵ، تاکه‌دارێکی ته‌ریک و ره‌قه‌ڵ به ته‌نیا که‌وتوه.
ئه‌و جێ پێیانه ئه‌گه‌ر زۆر بن،چی تر ئه‌و ده‌فته‌ره ناناسیته‌وه!ئه‌و ده‌فته‌ره‌ی که به هه‌ر پێنووسێکی سه‌وز و سور و شین ، ئاشقانه خۆشت ئه‌ویست.له هه‌ر لاپه‌ڕێکی دا ئاسمانێکی شینی بێ‌گه‌رد،چۆمێک و خۆرێکی رومه‌ت زه‌رد یان مانگێکی زێوینت تیا کێشابوو،هه‌ر ڕۆژێک باوه‌شێکی بچوک ئاوات و تاسه‌ی سه‌وز و شینت تیا په‌نگاندبوو.
ئه‌و خه‌زانه‌ی که گه‌ڵا گه‌ڵا ده‌توه‌رێنێ ، باڵی سارد و بێ وزه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و ده‌فته‌ره‌ش دا ئه‌کێشێ.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵ کردنی سارد ترین گژه‌باکانی زستان ، هه‌ڵوه‌دای دۆزینه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌و ده‌فته‌ره‌ی.ئاواتی دۆزینه‌وه‌ی دوانیوه‌ڕۆی ته‌نیایی منداڵی ون ده‌بێ و تۆ هه‌ر تموتم له‌سه‌ر ماته‌می شوشه‌ی ، خه‌می دڵته‌نگی ئه‌و لاپه‌ڕانه نیشتویی.
جه‌وهه‌ری خۆنوسی خۆنووسین ، وه‌کوو ده‌ماری ئه‌نگوست ، به‌ره‌و وشکی هه‌ڵدێ و هێشتا هاوده‌می گژه‌بای سۆزی ناسۆری لاوانه‌وه‌ی جوانه‌مه‌رگ بوونی ئه‌و نه‌قاشیانه‌ی.
Filed under: Uncategorized





دوێنێ شه‌وێ
ده جار گڵۆپی سه‌ر مێزم چاوی داخست
ده جاری تر هه‌ڵی بڕی
ده جار خه‌ونی پچڕ پچڕ
ده جار تیشکی قرتاو قرتاو
بۆیه دوا جار که ته‌ماشای شێعره‌که‌م کرد
ده دێڕ کوێر و نابینا بوون
ده دێڕ بووبوون به شه‌مشه‌ی ژوورم
منیش ئیتر له داخانا
شێعره‌که‌یشم وه‌ک خه‌یاڵم کوژانه‌وه و
ئه‌مجا نووستم
شێرکۆ
سڵام پیرەهەڵۆ ، منیش شێواویم نوسیوه …
خۆم لێی تێ‌ناگەم بەڵام “هەر نووسیم” !
سپاس که بیرت کردم و بیرم کردوی.