ڕۆژپەڕ

دوانیوەڕۆی منداڵیەکانی من خەوتنی تیا نەبوو، پێی ڕاھاتم،لە کەلاوە یان ماڵ، یا دەشتھە بەرینەکەی باوەگۆرەم یا کونجی ژوورھ فێنکەکەمان دایک و باوکم سێبەریان نەبوو، پێی ڕاھاتم و پێی ڕاھاتن. ماڵێک خوار تر و کۆڵانێک ئەولا تر و شەقامێک دور تریش ھەر وابوو ھەموو کەس ڕاھاتبوو.
ئەو شەقامە ڕەشە درێژەی کە گەرماوگەرمی نیوەڕۆ تاکە دۆستی تەمەنی بوو قەت لە بیر ناکەم،تەنیاییە جوانەکەی و دیمەنی ئەو مرۆڤانەی کە ھەمیشە بە یەک بێگانە بوون تابلۆی خەیاڵی من بوو.
دڵەڕاوکێی بەربوونی ئاواتێکی پەنگاو، بەر لە ساڕێژ بوونی نەوای بە ترس چنراوی سڵاوێک،ھەمان دودڵی دەستی ماندوێتیە بۆ گرتنی پێنوسی دوجار شکاو و ھەڵرژانھ سەر کاخەز.ھەورێکی گەورەی پر لە باران،ھەورەگرمەیەکی لاڵی سامناک بەر دەرکەی ھەناسەی پڕ لە تاسەی کزە بای یەکەمین پاییزی داگرتوە،نەک بە باوەش، بە وەھم و ھێمایەکی پڕ ڕەمزی نائاشنا. لە شوێنێک ئەو نەوا ساڕێژ ئەبێت، دێتە شنە، یان بە ڕەشەبا سوچاوسوچی پرێسکەی بیرەوەریە دیل کراوەکانت لەگەڵ خۆێ دێنێتە سەما، ھەزاران گەڵای پیر و تۆزاوی لەسەر تاکەداری بێ‌دەنگی دەوەرێنێت و گەرووی تەریک و وشکی تەنیایی بە پەڵە بارانی ھەورێکی خەمگرتوو، تنوک تنوک ئەخاتەوە سەر رێگەی بە نمە دوان و سریلەی پچەپچی دنکە بەفرەکان.
جێ پێی ھەر ھەنگاوێک بەرەو داھاتوی لێڵی ناڕاھاتوو، وێنەیەک لەسەر دەفتەری نەقاشی منداڵی دەکێشێت، ھێندە قورس و شەکەت ئەبێت ئەو دەفتەرە، چی‌تر ئەو دارە سەوزەی کە دوو ئەنگوست ئەو لای چۆمی ئاوایی کێشراوە لە بەژن و باڵا نایێ ، ئێستا لە سێ دڵۆپ ئەولاترەوە، لە بەر دەرکەی روخاوی خەیاڵ،‌ تاکەدارێکی تەریک و رەقەڵ بە تەنیا کەوتوە.
ئەو جێ پێیانە ئەگەر زۆر بن، چی تر ئەو دەفتەرە ناناسیتەوە!ئەو دەفتەرەی کە بە ھەر پێنووسێکی سەوز و سور و شین، ئاشقانە خۆشت ئەویست. لە ھەر لاپەڕێکی دا ئاسمانێکی شینی بێ‌گەرد، چۆمێک و خۆرێکی رومەت زەرد یان مانگێکی زێوینت تیا کێشابوو، ھەر ڕۆژێک باوەشێکی بچووک ئاوات و تاسەی سەوز و شینت تیا پەنگاندبوو.
ئەو خەزانەی کە گەڵا گەڵا دەتوەرێنێ، باڵی سارد و بێ وزەی بەسەر ئەو دەفتەرەش دا ئەکێشێ.
لەگەڵ ھەڵ کردنی سارد ترین گژەباکانی زستان، ھەڵوەدای دۆزینەوەی لاپەڕەکانی ئەو دەفتەرەی. ئاواتی دۆزینەوەی دوانیوەڕۆی تەنیایی منداڵی ون دەبێ و تۆ ھەر تموتم لەسەر ماتەمی شوشەی، خەمی دڵتەنگی ئەو لاپەڕانە نیشتویی.
جەوھەری خۆنوسی خۆنووسین، وەکوو دەماری ئەنگوست، بەرەو وشکی ھەڵدێ و ھێشتا ھاودەمی گژەبای سۆزی ناسۆری لاوانەوەی جوانەمەرگ بوونی ئەو نەقاشیانەی.

Advertisements

بیانوو

وابزانم فەقەت خەوتنە کە بیانوی ناوێت؟ دڵنیاش نیم، ھەر ھیچ نەبێت زۆر کەس بێ ھیچ بیانویەک ئاسودە ئاسودە ئەخەون. ھۆکاری پێویست بۆ نوستن زۆرن. ئەو زەرتەشتەی قسەی ئەکرد، بە بێ 10 بیری ھەژێنەری ڕۆژانە خەوی لێ ناکەوێ. دایکم بێ توڕەیی ڕۆژانە و پەژارەی ھەمیشەیی بێ‌کەسی، ناتوانێ ون بێتە دنیا بێ بیرەوەریەکەی. باوکم بێ ماندوێتی ڕۆژانە و پێنج چرکە ئاخافتن لە پشت تربیون بیرەوەریە تۆزاویەکانیەوە ڕۆژی کۆتایی پێ نایێ.
مامەم بێ توڕە بوون بیانوی نییە بۆ بەرحەق بوون، خوشکم بێ ئافرەت بوون بیانوی نیە بۆ ژیان. ئەو بە بێ ھەژان بیانوی نییە بۆ ژیان،ئەوی تر ھێوری و ئارامی بیانوی ژیانیەتی و ھەژان بۆی ئاستەنگە.
یا کەسێک کە ھێندە بیانوەکانی زۆر بوون، یەک یەک بەربەستی ڕێگایەکی ئەکردن کە بیانوەکانی تر پیاسەیان تیا ئەکرد و کونجی درگاکانیان بە ڕوی بیانویەکی ترا بەست.
من زۆر بیانوم بێ رەحمانە کوشت،گەمەم لەگەڵ نەکردن و زو پیرم کردن، بەڵام شەرم بیانوی ناوێت و بیانوش شەرمی ناوێت، وەک چۆن برسی نەبوون بیانوی ناوێت و ڕەنج نابێتە بیانوی ھەژان!

 

خەو

دوێنێ شەو شتێ زۆر سەیرم کەشف کرد، خەوتنی شەوانەم ھەمیشە گرفتی بووە، ئەبێ تا ڕادەی مردن ماندو بم بۆ ئەوەی بتوانم کەمتر لە یەک کاتژمێر دوای جێگیر بوونم خەوم لێ‌بکەوێ .لەگەڵ ڕادەی دەنگ و تیشکی شوێنی خەوتنم کێشەم نیە، لە زۆر شوێنی خراپ خەوتوم و زۆر دەنگی خەو زڕێن و مێشک تەزێنم لەگەڵ چرکەی کاتژمێری ژورێک بە یەکسان زانیوە. بەڵام ئەوەی دوێ شەو جیاوازی زۆر بوو لەگەڵ چۆنیەتی ڕازانەوەی جێگەیەک بۆ نووستن و پاراستنی ھێوری جەستەیەک بۆ ڕا کردن لە وشیاری.
گوێچکەی ڕاستم کەوتە ژێر سەرم و دەنگی دڵپ دڵپ‌ی نەبزم ڕایچڵەکاندم. نەک ئەوەی کە نەمزانیبێ ئەو دەنگە چیە و لە کوێوە دێت، بەڵکو سوور سوور ئەمزانی دەنگی نەبزمە کە نوێنەرایەتی دڵم ئەکا و پێم ئەڵێت ئێستاش زیندووی!
ئەو دەنگانەی کە ھێمایەک بوون بۆ مردن و روخاندن بەو جۆرە خەومیان نەزڕاندبوو چۆن ھاوچەرخن لەگەڵ ئەو ڕەوتەی بەرەو گەورە بوون ئەچن و ڕێگەخۆشکەرن بۆ تێپەڕاندنی تەمەنی یاسایی مرۆڤ و مەیلی بۆ نەگۆڕان و مانەوە. ئەو دەنگە ھێندە بۆ من ئازاردەر بوو کە دەستم خستە ژێر گوێم بۆ ئەوەی ئەو نەوا نەبیسم کە زیندوو بوونەوەی خۆمی بیر ئەخستمەوە، بەڵام ئێستاش ھەموو شەوێک ئەو ھاواری خۆی ئەکا، منم کە بڕیار بدەم ئایا بیبیسم یان نا؟

 

بەسەرھات

ھەر جارێک کە بلاگەکەی خۆمم ئەکردەوە وەڕەز تر ئەبووم، کردنەوەی بلاگەکانی تر ھەموو توڕەییەکانی ڕوناکبیرانی شەقامە ئاڵۆزە بێ‌ڕۆحەکانی بەسەر دا ئەباراندم.بە بینینی ئاواتەکانی ڕابردوو ڕەشماییەکانی ئاسمانی تاسەم ڕەش‌تر ئەبوو. لە ھەموو کەس ماندووم، بەڵام ئێستاش باوەڕم بە ڕابردوم ھەیە، زۆر جا‌ر ھەست ئەکەم گەڕانەوەی ڕابردوو چارەسەرە، ھاژەی شەپۆلە چکۆلەکانی زرێبار، ئێستاش ھەموو گیانم ئەچنێ، شنەبای لوتکەیەکی کورت، فێنکیەکی قوڵ ئەخاتە ناخمەوە. لەگەڵ جیاوازی “ڕابردو” و “داھاتو” نەمتوانیوە ڕا بێم،ئەوەی بە باشم ئەزانی ئێستاش بە باشی ئەزانم، ئەو شتانەی کە ئازارم ئەدەن ئێستا ئەمکوژن، بەڵام ناتوانم بڕوانم، واتە ناتوانم چۆلەکەیەک بە بێ دانە گەنمێکی چڵکن و ئاسمانێکی پڕ لە باڵندەی دڕندە و چەمێکی پڕ لە ئاوی ژەھراوی یان وشک ببینم. ئەوەی پێی دەوترێ ویژدان لێرە کاریگەر نیە، لەسەر ھەر بەشێکی مێشکم، کڵاوێکم داناوە بۆ ھەر ئاسمانێک، نەک خۆر و ئەستێرەی گەش، بەڵکو چەند ھەوری توڕە و شەوەزەنگێکی ئەفسوناوی و مانگێکی بێ ورەم ئاوات خواستوە.لەسەر ھەر شەقامێک درەختێک بە بەرزی یەکەمین تاوانی مرۆڤ و چۆڵایەک پڕ لە مۆسیقای ئێوارەیەکی غەمگینم بە مەرھەم زانیوە.
نازانم، لەوانەیە من زۆر لە خۆمی سەخت و گران بگرم و وەک خەڵک دەڵێن وام زانیبێ ھەموو شتێک ڕاستە! زۆر جار وا ھەست دەکەم کە بە ھەر نوسینێک، درۆم لەگەڵ خۆم کردوە، یان درۆم لەگەڵ خوێنەرێک، دۆستێک، ئازیزێک کردبێ بۆیە ئەوەم بە باش زانیوە کە ھیچ نەنووسم. لەگەڵ ئەوەی ھەمیشە عادەتم ھەیە بە تاوانبار کردنی خۆم و وە ئەستۆ گرتنی توڕەییە بێ دایک و باوکەکانی ھەستە ھەمیشە ڕاستەکان، بەڵام ماندووم لە پێدا چونەوەی خەیاڵە تەمگرتوەکان و حەزە شەرمنەکان و ھەستە خۆکوژەکانم.
توڕەیی،ئەو شتەی مەترسی دار ترین چەکی کوشتنی ڕۆحم بووە لە نێو رۆحم دا نەک ھێلانە، چەند منداڵیشی لێ بۆتەوە و ھەموو ڕۆژێ دەنگی یاریە کوشندەکانی بەشێکی ھەستی بریندار کردوم، ئەو منداڵانە ھەموو ڕۆژێک و لە ھەر کۆڕێک دۆستێکی ھاوچەرخیان بە ھاوڕێ گرتوە. گەشە سەندنی توڕەیی نێو رۆح چەمکێکی زۆر کوشەندەیە بۆ دایکی ھەست و ئەوەی مرۆڤ تێکەڵ بە کرستەی دروست بوونی، واتە بیر و ھەست ئەکاتەوە. ھەوڵە ئاڵۆزەکانی جەستەم بۆ زیندوو ھێشتنەوە ئەو ھەستە لاواز تر بوون لەوەی بەر بە لافاوێکی بێ رۆحی ھێرشبەر بگرن.
ئەوەی لە سەرەوە نوسراوە ھۆیەکە بۆ نوسین یا نەنوسینی شیعرێک، پاس نەکردنی دەرسێک، نەنوسینی پرۆگرامێکی کۆمپیۆتەری، وەر گرتن یا نەگرتنی نمرەیەکی باش لە زانکۆ یان نەنووسینی کورتە چیرۆکێک.

 

زۆر که‌س له‌م شاره‌ دێن و ده‌ڕۆن …

بازار شلوقە و خەڵک ئاڵۆز تر! موسافێرێکی زۆر رژاونەتە ناو خیابان، گوایا بیستویانە لە مەریوان کەل و پەلی ژیانیان ھەرزانتر دەست ئەکەوێ. لەوانەیە سەدان کیلۆمتریان بڕیبێت بۆ موسافرەتێک کە خۆشیان زۆر دڵنیا نین گەڕانەوکەی بیرەوەری خؤشیان بۆ ساز دەکات یا سوکە سەفەرێکی بێھودە.
ئارمان دەڵێت:ھیوادارم ئەم موسافرگەلە زۆر تر ببن بۆ ئەوەی مەریوان جوڵانەوەیێکی ئابوری ھەبێت و چ بازار و چ بواری توریستیشی ڕەنگێکی پڕرەنگ تر وەخۆ بگرێت.
ئەو دەڵێت: توریزمی چی ؟! مەریوان نە پیادەڕەوی ھەیە نە جادە نە پارک! ڕاستە سروشتی زۆر جوانە بەڵام ئەوە قەت سرنجی کابرای LCD باز ڕاناکێشێ.
ئارمان دەڵێت: ھەر باشە، ئەی ئەم خەڵکە بە چی نان بخۆن؟ مەرزەکە ببەسن ھەموومان لە برس‌دا ئەمرین! خۆ کارخانەو شت‌مان نیە،باغ و کشتوکاڵەکەشمان خۆ کەس نایکڕێ. ئەوەش نەبێت قوڕ ئەکرێ بەسەرمانا.
ئەو دەڵێت: ئەو باشتر! تا کاتێک ئابوری مەریوان بریتی بێ لە مەرز و مەرز، لەوە باشتر نابین، ھەر ئەوەمان لایقە! کاتێک خوێندکارانی ئێمە لە دەبیرستان دەرس و مەدرەسە وێڵ دەکەن و بە دوای مەرز و کاسبی ئەکەون، ئەبن بە حەماڵی LCD بۆ کابرای بێگانە، ھەموو شتێک بەرەو دواکەوتن و جێ‌مان دەڕوات.
لەوانەیە بکرێت لە مەریوان خۆپیشاندانی گەورە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەستنی مەرز ساز بکرێت، بەڵام کەس فکر لەوە ناکاتەوە کە بوونی چەند پارک و “فضای سبز” زۆر لە تایەی ماشینەکانیان پێویست‌ترە!
منیش بە کیبۆردێک رەق تر لە مێشکم ئەو شتانەم نووسی …

 

ئێمه‌ و ئه‌وان،منداڵی یه‌ک گه‌ڕه‌ک نین

تا پێنج ڕۆژ پێش 22ی جۆزەردان زۆر بە ئاسانی نکۆڵی و حاشام لە ھەموو باسەکانی سەبارەت بە دەنگدانەکانی ئێران دەکرد و خۆم لە ھەموو شتێک گێل کردبوو ، ھەمیشە بە دۆستانم ئەوت،ئێوە چۆن سەیری دەنگدانەکانی وڵاتی “زیمبابوه”‌ دەکەن، منیش ئاوا لە دەنگدانەکانی ئێران دەڕوانم، بەو جیاوازیەی کە بێ‌گومان کاریگەریەکانی لەسەر ئێمھ زۆر تر دەبێت!
دان بەوا دەنێم ئەو کەسانەی کە بە سازی من سەمایان دەکرد زۆر کەم تر بوون لەوانەی کە بە پەڕۆی سەوز یان سوور چۆپیان دەکێشا، ھەرچەند زۆر پێم ناخۆش بوو بەڵام ئەو ئەتمسفۆرە زۆربەی کۆمەڵەکانی گرتبوو، لە زانکۆ وە تا دووکانەکانی گەڕەک! بۆیە منیش نەمدەتوانی لەوە زۆرتر خۆمی لێ گێل بکەم و سەبارەت بەو شتە نەدوێم.
من تەحریمی بووم بەڵام بە تەعریف و پێداچونەوەی خۆمەوە، زۆربەی ئۆپۆزسیۆنە کووردیەکان باسیان لە تەحریم دەکرد و ھۆکانیشیان بۆ‌ نەبووبی دێمۆکراسی لە ئێران و نەبوونی زۆر شتی تر لە “قاڵب ئێران” دا دەگێرایەوە، یان زۆر کەس بەشداریان دەکرد و تەنھا مەبەستیشیان نەمانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە بوو، بەبێ تەعریف کردن و خولقاندنی ھیچ ئەلترناتیڤێک.
من لەگەڵ ئەو وتانە‌ زۆرتر لە خودی دەنگدانەکان و کۆماری ئیسلامی موخالف و ناسازم! زۆر ئاسان دەکرێت لە حکومەتێکی دێمۆکراتیکی ئێرانیش دا کە لەگەڵ وڵاتانی رۆژاوا پێوەندی باشی ھەبێت دیسان کورد بچەوسێتەوە. لە حکومەتێکی سۆسیالیستی ھەڤاڵانی پرۆلیتیاریاش دا دیسان ھەر دەکرێت کوردستان ھەمان کەشی ھەبێت، بگرە خراپ تریش. بۆیە من لەگەڵ نۆع و شێوازی حکومەتی تاران کێشەم نیە، بەڵکو لەگەڵ ھەر حکومەتێک لە تاران کێشەم ھەیە.
ئەوانەش کە فەقەت دەیانەویست ئەو کابرا بگۆرن و ھیچ ئالترناتیڤێکیشیان نەبوو،ھەمان ئەزموونی شۆڕشی دژە پاشایەتیان دووپات دەکردەوە. ئەوەتە دەڵێن کورد مێشکی مێژوویی نیە …
لەو ماوە دا بۆم دەر کەوت تێگەشتن و ھەست کردن بەوەی کە چارەنووسی ئێمەی کورد لەگەڵ چارەنووسی ھمدان، تبریز، شیراز و مشھد جیاوازی ھەیە ، کارێکی ئاسان نیە. ئەو دیاردە بە رواڵەت شارە کوردستانیەکان و تەنانەت بە بنکە ڕۆشنبیریە خوێندکاریەکانیشەوە دیار بوو.ئەو شتانە ئازاریان ئەدام.
دەنگدانەکانی ئەو وڵاتە تەواو بوو، و دیسان ئەو شتانەی لێ‌یان دەترسام لە چوارچێوگەلێکی نوێ‌دا،گەرچی کەمڕەنگ تر،ھاتنەوە ئاراوە،زۆر کەس شاکی بوون کە گوایا حەقێک کە قەت نەیانبوە، خوراوە و دیسان چارەنووس خۆیان بە چارەنووسی تاران و تبریز ەوە گرێ دا. ئەم شتانەش ھەر ئازاریان ئەدام.
وەکو مرۆڤێکی تینوی ئازادی لەگەڵ ھەموو گەندەڵیەک لە ھەر کوێی گۆی زەوی موخالفم و ھەموو کردەوەیێکی لەو شێوە بایکوت دەکەم و ڕوانینم بۆ ئەو شتەی لە تارانیش دەکرێت ھەر ئەوەتە، نە کەمتر نە زۆرتر، و بە جوانیشی نازانم نە لە زیمبابوە نە لە تاران کاسەی داغ‌تر لە ئاش بم.
جموجۆڵەکانی خەڵکی تاران لە دژی دەوڵەتەکەیان پەرەی سەندبو و زۆر کەسیش لە کوردستانیش خەونی رەنگاورەنگیان پێوە دەبینی و زۆرێ لە پارت و ڕێکخراوە کوردیەکانی ناو خۆ و دەرەوە خوازیاری پشتیوانی جەماوەری کوردستان بوون کە خۆشبەختانە ھیچیان سەرکەوتو نەبوون.
ھەر لەو ماوە دا دەمبینی دۆستان گلەییان لە تەبریز و پارێزگا تورک نشینەکانی ئێران دەکرد کە بۆچی ئاستی پشتیوانیان لە جموجۆڵەکان زۆر کەم و لاواز بووە! ئەوە بۆ خۆشم پرسیار بوو، چۆن گەرچی من بە گۆشت و ئێسقانمەوە ھەست بە جیاوازی چارەنووسی خۆم لەگەڵ تبریز و مشھد و اھواز دەکەم، بەڵام وام دەزانی ھەر ھیچ نەبێ لەوانەیە زامگەلێکی یەکسانمان ھەبێت، کە لە سەفەرێکی ئیتفاقی 6 ڕۆژە کە بۆ ئەو ناوچە بووم، بۆم دەرکەوت کە تەنانەت ھەموو ئەو شتانەی کە من خۆم ھەستم دەکرد لەوانەیە لە نێوان کورد و تورک یەکسان بن، ھەموویان ھەڵەن.
• تبریز :
آذرشھر ، شارێکی چکۆلەیە لە 50 کیلۆمتری تەبریز دا کە زۆر لە مەریوانی ئێمە چکۆلە ترە.ئەو شارە کەش و ھەوایەکی زۆر وشک و بێ‌ئاو و گەرم و ناخۆشی ھەیە و لە دەشتێکی وەک بیابان دا بنا کراوە!
لە کاتی ڕۆشتن بۆ ئەو شارە بەر لە ھەموو شتێ جادە و ڕێگا و ئاسفاڵتەکانی سرنجی ڕاکێشام، “سنگ‌فرش”ی پیادەڕەو و خیابان و پارکەکانیم قەت لە کوردستان نەدیبوو. ئەو بیابانە جیا لە کارخانەکانی کە باسیان دەکەم ، کشت و کاڵ و باغ و باغاتێکی یەکجار زۆر و بەربڵاوی تێدا بوو کە بۆ من مایەی سەر سوڕمان بوو کە چۆن توانیبویان لەو بیابانەدا ئاوا باغ‌گەلێک بخولقێنن. پاش مانەوەیێکی کورت لەو شارە بەرەو تەبریز رێ‌کەوتین.
لە نێوان ھەموو شار و شارۆچکەکانی ئەو ناوچەدا ئتۆبان و جادەگەلێکی باش بوون کە بە کارخانە و کارگە ڕازابوونەوە! لە 10کیلۆمتری آذرشھر، شارەکێکی پیشەسازی ھەبوو کە لەوێ کارخانەی “شیرین‌عسل”م بینی، ئەو کارخانەی کە کرێکارانی و کۆڵبەرانی وڵاتی ئێمە بەشێک لە دەسترنجی ڕۆژانەیان دەکەنە کڕینی کەیکێک یان چۆکلیتێکی ناقابل لەگەڵ “سن‌ایچ”ێک بۆ سک‌تێری و تێپەڕاندنی ئەو شتەی کە پێی دەگوترێ ژەمێک “نان” خواردن.
دڵنیا بووم کە ئەو پارەی لەو شارە چکۆلەیەدا خەرج دەکرێ لە سنە و لەوانەیە لە ھەموو پارێزگای کوردستان زۆر تربێت. دوای تۆزێ دوور کەوتنەوە لەو شارە، من ئیتر آذرشھر م بە شارێک بۆ خۆم پێناسە دەکرد کە سەرمایە ئابووریەکەی لەوانەیەە بتوانێ خاکی کوردستان بکڕێ.
گەرچی بە ھۆی نەبوونی ھیچ شوێنێکی چۆڵ و خاڵی لە نێوان شارەکانی ئەو ناوچەیەدا ھەستم نەکرد کەی‌ گەیشتینە تبریز، بەڵام بە بینینی تابلۆیێکی بەخێرھاتن چونەناو تەبریزم باوەڕ کرد.
گەڕان لەو شارەدا و سەردانی ائل‌گولی و پارکەکانی تری، ھەست کردن بە جیوازی چارەنووس نەبێ ھیچتریان فێر نەکردم.
لەو گەشت و سەردانە کتوپڕەی کە لەو وەختە ھەستیارە دا لەو ناوچە کردم، وەڵامی پرسیارەکانی خۆم گرتەوەو ئەو وڵامەش خۆی لە پرسیارێک دا بینیەوە: ئەرێ باشە خەڵکی تەبریز و ئەو ناوچە بۆچی ناڕەزایی دەربڕن؟ بە چی و بەکێ ئیعتراز بکەن؟

“دانشگاه”،زانکۆ و …

لە دوای دوایین نووسراوەکەم لە بلاگەکەدا بە ناوی “یابان” ئێستا بۆ پێنج مانگ ئەچێت کە قەبوڵ بووم بۆ زانکۆی کوردستان و بە شێوەی “ئاکادمیک” خەریکم IT دەخوێنم.
ژیانی ڕۆژانەم گۆڕانکاری زۆری بەسەر ھات، بۆ‌ یەکەم جار لە نزیکەوە تێکەڵ ئەتمسفۆری “ئاکادێمیک” بووم! مەجبورم لە “خوابگا”یێک کە 60 نەفەر خوێندکار تەنھا یەک حەمام و یەک WC یان ھەیە بسازم، لەگەڵ 7 نەفەر “ھم اطاقی”م لە ژوورێکی چکۆلە ژیان بەرمە سەر.
بەداخەوە منیش وەکو زۆربەی لاوانی “دبیرستانی” و “پیشدانشگاھی” پێش ئەوەی خۆم قەبول ببم بۆ زانکۆ ئینتزارگەلێکی زۆر جیاوازم بوو لەگەڵ ئەو شتەی ئێستا ئەیبینم.
ئەوەی ڕاستی بێ ئاراسی پێش زانکۆ زۆر زانا تر و وریا تر بوو لەمەی کە ئێستا ھەم. پێشتر زۆر شتم ئەزانی کە ئێستا نایزانم!گیرۆدەی ئەو شتانە بوم کە لە خەونیشدا نەمدیبون، بەڵام من ھەمان ئاراسم بێ گومان ھەر ئەویش دەمێنمەوە.
ھیوادارم بەم زوانە بتوانم تۆزێ خۆم ئاسایی بکەمەوە و دیسان لەم بلاگەشم دا بنوسم.